ئێران بۆ هورمز و ئەمریکاش بۆ هێرشەکەی

پاكستان لە دواساتەکانی مۆڵەتەکە دەستپێشخەریەکی دوو هەفتەیی بۆ ئاشتی کردووە

964+

فەرهاد حەسەن

سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەكات، مۆڵەتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژبکاتەوە هەمانکات داواشی لە “برا ئێرانیەکان” کردووە، وەک نیشانەی نیازپاکی ئەوانیش بۆ ماوەی دوو هەفتە تەنگەی هورمز بکەنەوە.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پلاتفۆڕمی  “X” ئەم دەسپێشخەرییە نوێیەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران راگەیاند و بە فەرمی داوای لە هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران کرد، بۆ ماوەی دوو هەفتە هەنگاوی نیازپاکی بنێن تاوەکو دەرفەت بە رێکەوتنێکی هەمیشەیی بدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگەکە بە شێوەیەکی جێگیر و بەهێز بەرەو پێش دەچن و توانای ئەوەیان هەیە لە داهاتویەکی نزیکدا ئەنجامی راستەقینە بەدەستبهێنن.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی کردەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی ئاگربەستێکی گشتگیر بن بۆ ماوەی ئەو 14 رۆژە، تاوەکو دیپلۆماسییەت بتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێبکات بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنانێکی یەکلاکەرەوە بە جەنگ.