وێنە/کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکان
سەندیکای پزیشکان: لە زستاندا داوای نەوت دەکەین و لە هاویندا وەڵاممان دەدرێتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی دابیننەکردنی نەوتیان هەیە، دەڵێن لە زستاندا داوای نەوت لە حکومەت دەکەن، بەڵام لە هاویندا وەڵامیان دەدرێتەوە.
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکان رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جگە لەوەی حکومەتی هەرێم نەوتیان بۆ دابینناکات، ئەو نەوتەشی کە لە عێراقەوە هاتووە و بریاربووە بەشێكی بدرێتە بنكە تەندروستییەكان، دراوە بە دەزگای خێرخوازی بارزانی.
کە سەرماکە تەواو دەبێت ئینجا موافەقە لە هەولێرەوە دێتەوە
“لە مانگی شەشەوە [حوزەیرانی 2022]، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوا دەکات سوتەمەنی بۆ بنکە تەندروستییەکانی ئەم سنوورە دابین بکرێت، کە سەرماکە تەواو دەبێت ئینجا موافەقەیان لە هەولێرەوە بۆ دێتەوە،” هاوژین عوسمان وا دەڵێت.
دەرماڵەی بەشێك لە بەرێوەبەرە گشتییەكان بڕاوە و فەرمانی دامەزراندن راگیراوە
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکان زیاتر وتی، لە سەرەتای ئەمساڵە دەرماڵەی بەشێك لە بەرێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی لە سلێمانی و هەڵەبجە بڕدراوە و چەندین فەرمانی دامەزراندن راگیراوە.
بە وتەی هاوژین عوسمان، 166 بنكەی تەندروستی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پێویستیان بە میلاكە و كەسیان بۆ دانامەزرێت.