ناو و ناوەڕۆک وەکو خۆی بگوازنەوە
لە ئیدارەی راپەڕین رێنمایی بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی سروشت داندرا
964+
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین چەند رێنماییەکی بۆ سەرجەم فۆتۆگرافەران و راگەیاندنكارانی ئیدارەی راپەڕین بڵاوکردووەتەوە بە مەبەستی پاراستنی شوناسی جوگرافی و مێژوویی ناوچە گەشتیارییەکان و رێگریکردن لە تێکەڵبوونی ناوەکان.
داوایان لێکراوە لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێکی میدیایی، وێنە، یان ڤیدیۆ، پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
-ناوهێنانی دروست: پێویستە ناوی شوێنە گەشتیارییەکان وەک خۆی و بەو ناوە رەسەنەی کە لە رووی کارگێڕی و مێژووییەوە ناسراوە، بهێنرێت .
– دیاریکردنی شوێنی جوگرافی: پێویستە لەگەڵ ناوی شوێنەکە، ئاماژە بە قەزا و ناحیە و گوندى پەیوەندیدار بکرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران و وەرگران بەرچاوڕوونی تەواویان هەبێت لەسەر نەخشەی ناوچەکە.
– پاراستنی شوناس: تکایە دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ناوی خوازراو یان گۆڕینی ناوی ناوچەکان بە مەبەستی ریکلام، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی شێواندنی داتای گەشتیاری و جوگرافی ناوچەکە.
– فۆتۆگرافەران و راگەیاندنکاران دەتوانن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوی هەر ناوچەیەک، سوود لە نەخشە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزاری راپەڕین وەربگرن.