باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا - فۆتۆ: ئاژانسەکان
گروپەکان بەتەمای هێرشن
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ خەڵکەکەی؛ بەغدا جێبهێڵن، دەتانڕفێنن
ئەحمەد مستەفا
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری بە خەڵکەکەی دەدات، دەستبەجێ بەغدا بەجێبهێڵن، چونکە وەک باسی دەکات، گروپە “میلیشیاکان” بەنیازی ئەوەن لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو لە ناو بەغدا هێرش ئەنجام بدەن.
دەڵێ، رفاندنی هاوڵاتی ئەمریکیان دەستپێکردووە و رێگەی زەمینی بۆ جێهێشتن بەردەستە.
بەم بەیانییە 2.4.2026، باڵیۆزخانەکە لە پێگەی خۆی کە 964 بینیویەتی دەنوسێ، “میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن”، لەوانەیە لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا هێرش لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجام بدەن، “ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بەو وڵاتە” هێرشی بەرفراوانیان لە دژی هاوڵاتییانی ئەمریکی و ئامانجە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەنجام داوە.
“لەوانەیە ئەم گروپانە هاوڵاتیانی ئەمریکی، شوێنە بازرگانییەکان، زانکۆکان، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، ژێرخانی وزە، هۆتێلەکان، فڕۆکەخانەکان و شوێنەکانی دیکە بکەنە ئامانج کە پێدەچێت پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەبێت، هەروەها دامەزراوە عێراقییەکان و ئامانجە مەدەنییەکان، لەگەڵ ئەوەی “میلیشیا تیرۆریستییەکان” هاوڵاتییە ئەمریکییەکانیان کردووەتە ئامانج بە مەبەستی رفاندن، پێویستە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن” ئەمە قسەی باڵیۆزخانەیە.
باڵیۆزخانە لەبارەی رۆڵی حکومەتی عێراق نوسیوویەتی، حکومەتی عێراق نەیتوانی رێگری بکات لەو هێرشە تیرۆریستییانەی کە لە خاکی عێراقەوە یان لە ناو خاکی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن، رەنگە “گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکان” پەیوەست بن بە حکومەتی عێراقەوە و رەنگە هەندێک لە تیرۆریستەکان ناسنامەیان لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن کە ئاماژە بەوە دەکات کارمەندی حکومەتی عێراقن.
نوێنەرایەتی ئەمریکا لە عێراق سەرەڕای رۆیشتنی ناچاری هەندێک لە کارمەندان بەردەوامە لە کارکردن، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق، تکایە هەوڵ مەدەن پەیوەندی بکەن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر بەهۆی مەترسییە ئەمنییە بەردەوامەکانەوە، لەوانە چالاکیی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک لە ئاسمانی عێراق.
باڵیۆزخانە دەڵێ، ئاسمانی داخراوە، هیچ گەشتێکی بازرگانیش لە عێراقەوە بەردەست نییە. ڕێگا زەمینیەکان بۆ ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا کراوەن، بەڵام پێویستە گەشتیاران چاوەڕوانی دواکەوتنی بەرچاو بن. گواستنەوەی زەمینی ناوخۆیی بەردەستە. ئامۆژگاری هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکرێت کە دەستبەجێ لە ڕێگەی یەکێک لەم ڕێگا زەمینییەوە بڕۆن.
کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا وتاری هەبوو، دەوترا شەڕەکە دەوەستێنێ، بەڵام ترەمپ دەرکەوت و لە وتارەکەیدا وتی، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا گورزی گەورە لە ئێران دەوەشێنن ئەگەر نەیەنە ژێربار، ئەوە لە حاڵێکدا لە 28.2.2026 وە جەنگ لەنێوان ئیسرائیل وئەمریکا بەرامبەر بە ئێران روویداوە و بەردەوامە.