لە سبەینێوە

وەرگرتنەوەی کارتی نیشتمانی دەبێتە بەیانیان

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی کارتی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، ئاگاداری خەڵک دەکەنەوە، وەرگرتنەوەی کارتی نیشتمانی لە پاش نیوەڕوانەوە دەبێت بە بەیانیان.

پڕۆسەکەش لە سبەینێ یەکشەممە 29.3.2026 دەستپێدەکات.

پێشتر بەهۆی لۆد و قەرەباڵغییەوە بەیانیان کارتەکە نەدەدرایەوە، ئێستا بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە رۆژی یەکشەممەوە پێدانەوەی کارتی نيشتمانی دەکەوێتە دەوامی بەیانیانەوە، بۆ لەمەودوا بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکان لە دوای نیوەڕوان سەردانی مەکەن.

ئەوە لە حاڵێکدا، رۆژی 14.12.2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە پڕۆژەی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارتی زانیاری ئەنجام دا و بڕیاری یەكخستنی هەردوو كارتەكەی دا.

عێراق، بۆ 12 وڵات وێستگەی گەڕۆکی تایبەتیان ناردووە بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ ئەو عێراقيیانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەیان دەژین و تا ئێستاش تواندراوە زیاتر لە 50 هەزار کەس تۆمار بکرێن.