لە کاتی نوێژی عیشا؛ منداڵێکی پێنج مانگیی نەخۆش لەبەردەم مزگەوتێکی سلێمانی جێهێڵدرا

964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

ئەمشەو لە کاتی نوێژی عیشا، نوێژخوێنانی مزگەوتی قوبا لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی، بە دیمەنێکی تراژیدی شۆک بوون، کاتێک بینیان منداڵێکی شیرەخۆر کە بە بەتانییەک پێچرابووەوە، لەبەردەم دەرگای مزگەوتەکە جێهێڵدرابوو.

ئاری لەتیف، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، منداڵەکە کوڕە و تەمەنی لەنێوان 5 بۆ 9 مانگدایە. دوای ئەوەی نوێژخوێنان پۆلیسیان لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، منداڵەکە گوازراوەتەوە بۆ لای پۆلیسی نەوجەوانانی سلێمانی.

سەبارەت بە باری تەندروستیی منداڵەکە، وتەبێژی پۆلیس وتی: “پێدەچێت منداڵەکە نەخۆش بێت و شێوەی لە منداڵی ‘نەبەکام’ دەچێت، هەر بۆیە بە مەبەستی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی بەشی غودەج لە نەخۆشخانەی شار کراوە.”

ئاری لەتیف ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە پشکنینی کامێراکانی چاودێریی ناوچەکە کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسەی منداڵەکەی فڕێداوە.

وتەبێژی پۆلیس جەختی کردەوە کە فڕێدانی منداڵ لە رووی یاساییەوە “تاوانە” و ئەگەر دایک و باوکی بدۆزرێنەوە، رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

وتیشی: “لە ئەگەری نەدۆزینەوەی کەسوکاری یان نەبوونی توانای بەخێوکردنیان، منداڵەکە رەوانەی خانەی بێسەرپەرشتان دەکرێت و تا تەمەنی 18 ساڵی حکومەت ئەرکی بەخێوکردنی دەگرێتە ئەستۆ.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح