قبوڵى ناکەن

هێرشکردنە سەر دەزگای هەواڵگری پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراقە

964+
وریا فەتاح

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئازاری 2026، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و هێرشەکەی سەر دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، عێراق رووبەڕووی پەلاماری یەک لەدوای یەک دەبێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ناوچەکە بە هەلومەرجێکی “هەستیار و نائاسایی”دا تێدەپەڕێت و ئاماژە بەوە دراوە کە هەر لە سەرەتای “دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل” بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، عێراق و دامەزراوە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییەکانی کەوتوونەتە بەر هێرشی جۆراوجۆر، کە دوایینیان هێرشەکەی دوێنێی سەر بارەگای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بوو، کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی ئەو دەزگایە.
سەرۆکایەتی کۆمار جەختی کردەوە کە ئەم دەستدرێژییە “پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری عێراقە” و هەوڵێکە بۆ تێکدانی دامەزراوە ئەمنییەکان کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سەرۆکایەتی کۆمار وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی “شەهیدەکە”، داوای کرد بەرپرسانی ئەم هێرشە سزای دادپەروەرانە وەربگرن. هەروەها جەختی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کردەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و چەسپاندنی ئاسایش و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و تیرۆرێک.