چوونە بەردەم قایمقامیەت

خۆپێشاندەرانی دوكان: نابێ دوكان بێ كارەبا بێت 

ئەحمەد محەمەد- سلێمانی

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21.3.2026 خۆپێشاندەرانی دوكان رژانە سەرشەقامەكان و سەرەتا رێگای دوكان بۆ سلێمانیان داخست و دواتر بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە چوونە بەردەم قایمقامیەت و قایمقامی قەزاكەش دەڵێت، لەگەڵ خۆپیشاندەران گەیشتینە لێگتێگەیشتنێك بۆ دۆخی كارەبای دوكان.

كامەران سدیق، خۆپیشاندەرێكی دوكانە و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، ماوەی 20 كاتژمێرە دوكان بێ كارەبایە و دوای خۆپێشاندانەكە بۆیان پێكردینەوە، ئێمە لەدوكان بەدیلی كارەبای نیشتمانیمان نییە و پێمان قبوڵ ناكرێت بێ كارەبا بین، بۆیه‌ هەرچی زووە دەبێت بۆمان چارەسەر بكرێت.

لای خۆیەوە، سیروان لالە سەرحەد قایمقامی قەزای دوكان بە 964ی وت، ئەم دۆخی بێ كارەباییە گشتییە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەوەی لای خۆمانەوە بكرێت درێغی ناكەین بۆ خەڵكی دوكان و بۆیان چارەسەر دەكەین.

ئاماژەی بەوەش كرد، لەگەڵ خۆپێشاندەران قسەیان كردووە و بەیەكەوە گەیشتووینەتە لێگتێگەیشتنێك لەسەر دۆخی كارەبای دوكان و ئێستا خۆپێشاندان كۆتایی پێهاتووە.

له‌سه‌ر به‌نداوی دوكان وێستگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كاره‌با هه‌یه‌ و كاره‌با بۆ هه‌موو كوردستان دابین ده‌كات، به‌ڵام خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ به‌رده‌وام كێشه‌ی كه‌میی كاره‌بایان هه‌یه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا