وەزارەتی گواستنەوەی عێراق:
94%ـی پلانەکانی هێڵی ئاسنینی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان تەواوکراوە
فەرهاد حەسەن
گواستنەوەی عێراق دەڵێت، 94%ی پلانەكانی هێڵی ئاسن بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان تەواو بووەو ئاماژەی بەوەشكردووە، گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكان بەردەوامن بۆ راكێشانی كۆمپانیا بەناوبانگەكان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.
حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە حكومییەكان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، یاداشتێكی لێكتێگەیشتن سەبارەت بە قۆناغی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لەگەڵ لایەنی توركیا واژۆ كراوە، كە تایبەتە بە هاوكاری و راكێشانی بەناوبانگترین كۆمپانیاكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە.
دەڵێت “لە ئێستادا وەزارەت و حكومەت بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ تەواوكردنی قۆناغی یەكەم، كە پلانی بنەڕەتی بۆ پڕۆژەكە و ناوچەی هاتۆچۆ و رێگاكان بۆ پارێزگاكانی عێراق لەخۆدەگرێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیای راوێژكاری ئیتاڵی بەرپرسیارە لە جێبەجێكردنی پلانەكان 94%ی پلانەكانی هێڵی ئاسن و 85%ی پلانەكانی ڕێگاوبانەكانی تەواوكردووە.
ئەوەشی روونکردەوە، کە كارەكان بەپێی خشتە و هێڵەكانی كاتی رێككەوتن لەسەركراو بۆ قۆناغی یەكەم بەردەوامە، دەشڵێت وەهەب حەسەنی وەزیری گواستنەوە لەم دواییانەدا گفتوگۆی لەگەڵ چەند باڵیۆزێكی ئەوروپا ئەنجامدا، لەنێویاندا ئیسپانیا و ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكەی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، سەبارەت بە گرنگی ئەم رێگایە”.
بەقسەی بەڕێوەبەری راگەیاندن، عێراق دەستی بۆ هەموو كۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەكان درێژدەكات بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە.
لە سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، دەستپێكردنی كارەكانی لەسەر پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیجی راگەیاند بوو.
زەیدی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیژی وەكو رووباری بۆ وڵاتەکەی وەسفكرد كە جگە لەوەی دوو وڵات کۆداکاتەوە هەمانکات پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاواش بەتەکەوە دەبەستێتەوە.