"چەک لە دەرەوەی یاسا قبوڵکراو نییە"

سودانی دووپاتی دەکاتەوە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

فەرهاد حەسەن

محەممەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی بە پەلەی دەرکرد بۆ راوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەو گروپانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغدا بۆردومان کردووە، جەختیش دەکاتەوە کە “هیچ چاوپۆشییەک لەگەڵ ئەوانە ناکەن کە چەک لە دەرەوەی یاسا بەکاردەهێنن.”

ئەمڕۆ سێشەممە 17.3.2026 سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، گروپە لەیاسا دەرچووەکان هێرشێکی “تێرۆریستی و تاوانکارییان” کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەمەش سوکایەتیکردنە بە سەروەریی عێراق.

پەیامێکی توندی بۆ گروپەکان نارد کە سودانی فەرمانی داوە بە هەموو دەزگا ئەمنییەکان، بێ دوودڵی بکەرانی هێرشەکە بدۆزنەوە و رادەستی دادگایان بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان، عێراق دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەر بەرامبەر جیهان و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی گەل دروست دەکات.

جەختیشکراوەتەوە، کە حکومەت پاشەکشە ناکات لە بەرەنگاربوونەوەی هەر لایەنێک بیەوێت یاری بە ئاسایشی بەغدا و شارەکانی دیکە بکات.