عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە: ئیرنا
"ئێمە گەروی هۆرمزمان داخستووە"
عێراقچی: بەهێزین و هیچ هۆکارێک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نابینین
شۆڕش قادری
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەپێی پێویست بەهێزن و هیچ هۆکارێکیش بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نابینێت.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی CBSـی ئەمریکی راگەیاندووە، “لە چەند وڵاتێکەوە داواکاریمان پێگەیشتووە کە داوای تێپەڕبوونی سەلامەت بۆ کەشتیەکانیان دەکەن، بڕیارەکەش لە ئەستۆی هێزە سەربازییەکانماندایە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان گەروی هۆرمزیان داخستووە، هۆکارەکەشی ئەو نائەمنییەیە کە بەهۆی شەڕانگێزی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستبووە.
“ئێمە بەپێی پێویست بەهێزین و هیچ هۆکارێک بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان نابینین”، عێراقچی وادەڵێت.
دووپاتیشیکردووەتەوە کە خاکی وڵاتانی کەنداو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار دەهێنرێت و نموونەی زۆریش لەو بارەیەوە هەیە، ئەوانیش تەنیا بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.