"وەزارەتی تەندروستی بەشی ددانی لە نەخۆشخانەکان پشتگوێخستووە"
لە کوردستان نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی 24 کاتژمێری ددان نییە
964+
فەرمان سادق
لە کوردستان هیچ نەخۆشخانەیەکی 24 کاتژمێری ددان نییە، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددانیش دەڵێت، وەزارەتی تەندروستی بە تەواوەتی پزیشکی ددانی پشتگوێخستووە.
ئازاری ددان یەکێکە لەو ئازارانەی کە مرۆڤ ناتوانێت بەرگە بگرێت، ئەگەر کەسێک لە درەنگانی شەودا ئازاری رەگی ددانی هەبێت ئەوا هیچ سەنتەرێکی حکومی ددان نییە بۆۆ چارەسەر رووی تێبکات.
دکتۆر شاخەوان قادر، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددان قسەی بۆ 964 کردووە و باس لە وەڵامی پرسیارێکی خۆی دەکات کە وەک پزیشک لە یەکێک لە سەنتەرەکانی پزیشکی ددانی حکومی کردوویەتی لەبارەی سەرەی چارەسەری ئازاری رەگی ددان، وەڵامەکەی ئەوە بووە کە سەرە بۆ چارەسەر گەیشتۆتە ساڵێک و دوو مانگ.
نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددان، رەخنەی ئەوە لە وەزارەتی تەندورستی دەگرێت کە سێکتەری پزیشکی ددانی لە نەخۆشخانەکانی حکومی پشتگوێخستووە، ئەو سەرە زۆرە نەخۆش ناچار دەکات بچێتە سەنتەرە ئەهلییەکان.
“تەنانەت ساڵانی نەوەدەکان بەرپرسان شانازییان بە سەنتەرەکانی ددانی حکومی دەکرد کەچی ئێستا بەرپرسانی حکومی و حزبی هەر خەریکی کردنەوەی سەنتەری ددانی ئەهلیین، 10 بەرپرس دەبینیت خەریکی کردنەوەی سەنتەری ئەهلین، بەڵام کەس ئامادە نییە سەنتەرێکی حکومی وەها پێشکەوتوو بکاتەوە، بۆیە کەرتی ددان لە وەزارەتی تەندروستی بە تەواوتی پشتگوێخراوە”.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ساڵڕۆژی پزیشکانی ددان بوو لە جیهاندا، بەڵام نەقیبی سەندیکایەکە دەڵێت: شەرمم بەخۆم بوو شتێک بنووسم بەناوی پیرۆزبایی.