ترەمپ قسە دەگۆڕێ و کوڕەکەی شا.. هیچ
عەبدوڵای حەسەن زادە: ئەم شەڕە زوو تەواو نابێت و دۆمینەش بکەن هەر باشە
964+
ژووری هەواڵ
”خۆی لە راستیدا هەموو دەسەڵاتەکان بە دەست سوپای پاسدارانەوەیە، بەڵام، عەبایەکیان دەوێت رەوایەتی خۆیانی پێ وەربگرن”، بەم قسانە عەبدوڵای حەسەن زادە باسی واقعی حاڵی ئێران دەکات و وێنە گەورەکە بۆ خەڵک باس دەکات.
عەبدوڵای حەسەن زادە پیاوێکی قاڵبوونی سیاسەتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە، تاڵەکانی پرچی لەناو خەباتدا سپی کردووەو ماوەیەکی باش گوێ لێگیراوو قسە رۆیشتووی ناو هێزەکانی رۆژهەڵات بووە، بۆ 9 ساڵیش کەسی یەکەم و سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو کە یەکێکە لە کاریگەرترین حیزبەکانی رۆژهەڵات.
بەم ساڵانەی دوایی لە بەرپرسیارێتی دوور کەوتەوەو وەک رێبەری پێشووی حیزبەکەو خاوەن قسەی خێر مایەوە.
لەبەر ئەوەی زۆر لە بارودۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت، 964 لەسەر بارودۆخەکەو پێشبینییەکانی قسەی وردی لەگەڵ کرد، هەم هەندێ زانیاری درکاند کە کەم باسکراوەو هەم سەرنجی روونی خۆی وت کە ژانی ئەم گۆڕانکارییە لە ئێران هەر وا ئاسان تێناپەڕێت.
پێشنیارتان بۆ دەکەین هەموو چاوپێکەوتنەکە ببینن، بۆ بەرچاوروونی ئەمە پوختەیەکە لە بۆچوونەکانی:
حیساباتی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران لەم شەڕەدا هەڵە بوو.
دەوڵەتی ئێران دڵخوازی خەڵک نییە، بەڵام نابێ لەم شەڕە باسی رەوایەتی بکرێت.
ئەم شەڕە وەک شەڕی 12 رۆژە تەواو نابێت.
ترەمپ داوای تەسلیمبوونی بێ مەرج دەکات و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش کەللەرەقن ئەوە ناکەن.
ئیسرائیل و ئەمەریکا لەبەر ئابڕووی خۆیان نابێ ئاوا دەست هەڵبگرن.
پێم وایە ئەم شەڕە رووخانی دەوڵەتی ئیسلامی لێ دەکەوێتەوە.
شەڕەکە درێژە دەکێشێت و رەنگە بگاتە چەند مانگێک.
لە ئێراندا هێشتا بەدیل ئامادە نییە.
ئەوانەی لەگەڵ خومەینی هاتن ئامادەنین دەسەڵات رادەست بکەن.
بە دووری دەزانم کوڕەکەی شا بگەڕێتەوە.
خەڵک بە خوێن و فرمێسک پادشایەتی رووخاندووە چۆن ئێستا دەهێڵن بگەڕێتەوە.
وا تێدەگەم ترەمپ لە ناو ریفۆرمخوازەکان کەسێکی لەبەرچاو بێت، بەڵام خەڵک ئەوانیشیان قبووڵ نییە.
ئەزموونی سوریا پێمان دەڵێت هەموو شتێک مومکینە.
لە راستیدا دەسەڵات بە دەست سوپای پاسدارانەوەیە، بەڵام عەبایەکیان دەوێت رەوایەتی بدات بەو دەسەڵاتە.
مەجال نەماوە کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران رێک بکەوێت، جاری دووەم خوا خۆمان بگرێت.
ترەمپ لەسەر قسەی خۆی نامێنێتەوە.
هێزە کوردییەکان بەیەکەوە دۆمینەش بکەن باشە.