هەولێر

سەرەى بەنزین کۆنکان و دۆمینە و دۆزینەوەى کۆنە دراوسێى تێکەوت


ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە هەولێر، سەرەگرتنی دوورودرێژی شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری بەردەوامە. شۆفێران بۆ ئەوەی جێگەکانیان لێ نەگیرێت، لە دوای کاتژمێر 10ـی شەوەوە نۆرە دەگرن و تا بەرەبەیان ناخەون، بۆ بەڕێکردنی کاتەکانیش پەنا دەبەنە بەر یاریکردنی کۆنکان، دۆمینە و ئۆکەی و سەیرکردنی تیکتۆک.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پەیامنێری 964 چووەتە ناو یەکێک لە سەرەکانی بەنزین لە هەولێر و دیمەنی جیاوازی تۆمار کردووە. لەو نۆرەگرتنەدا جگە لە ماندووبوون، بەزمی سەیر و دروستبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیش روودەدات. مام هاوار جەمیل، کە یەکێکە لە شۆفێرەکان بۆ 964 وتی، “ئەوە دووەمین جارە دێمە نۆرە، بە ناچاری دانیشتووین، بەڵام لەگەڵ دراوسێیەکی کۆنمان لێرە یەکترمان بینییەوە و پێکەوە کاتمان بەسەربرد.”
لەسەر ئەم بابەتە، هاووڵاتییەکی دیکە بە شۆخییەوە وتی: “نۆرەگرتن باشە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پتەو دەکات.”
بەشێکی زۆری شۆفێران لە ترسی لەدەستدانی نۆرەکانیان ناوێرن بخەون. موزەفەر سەلام، شۆفێرێکە لە نۆرەکەدا وەستاوە و دەڵێت، “لە ئێوارەوە نۆرە دەگرین و تا 5ـی بەیانی نوستن نییە، دەبێت پاسەوان بین. جاری وا بووە لەناو ئۆتۆمبێلەکە خەوتووم، بەیانی کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هاتووەتە پێشەوەم”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح