گروپی (سرايا أولياء الدم)

“بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی خامنەیی سلێمانیمان کردە ئامانج”

فەرهاد حەسەن

گروپی (سرايا أولياء الدم) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردووی سەر شاری سلێمانی راگەیاند و دەڵێت هێرشەکان بۆ تۆڵەسەندنەوە بوو لە خوێنی خامنەیی.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەم گروپە کە ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە کە لە پێناو بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی خۆیان و لە تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی ئیمام عەلی خامنەیی رێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی و لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەی کە بووە هۆی شەهیدبوونی کۆمەڵێک گەنجی خۆڕاگری عێراقی، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکیان ئەنجامدا و شوێنێکی گرنگی شاری سلێمانییان کردە ئامانج.

تاقمی بەرخۆدانی عێراقی سەرایا ئەولیا ئەلدام پێشتر لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، موجاهیدنە ئازاکانیان ڕۆژی هەینی 6.3.2026 هێرشێکی موشەکیان ئەنجامدا و بنکەی ڤیکتۆریای ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی بەغدا کردە ئامانج.

بەپێی بەدواداچوونەکانی 964 (سرايا أولياء الدم)، گروپێکی میلیشیای شیعەیە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و بنکەکەی لە عێراقە، بەوە بەناوبانگە کە بەردەوام چالاکییەکانی دژی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و لە ساڵی 2021 بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکانی شاری هەولێری لە ئەستۆ گرت کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی شەش کەسی دیکە، لەنێویاندا ئەندامێکی خزمەتگوزاری ئەمریکی بوو.