"ئەمنە سوورەکە"

35 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ؛ سلێمانى بۆ ئازادى راپەڕى

وریا فەتاح

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر یادى راپەڕینى سلێمانیدا تێدەپەڕێت، ئازادکردنى سلێمانى بوو بە دەستپێکى ئازادکردنى یەکەم شاری گەورەی کوردستان لە راپەڕیندا.

رۆژى 7ـى ئادارى 1991، دواى دوو رۆژ لە راپەڕینى رانیە، دانیشتووانى سلێمانى راپەڕین و شارەکەیان لە رژێمى بەعس پاککردەوە و گڕوتینێکى دیکەیان بە راپەڕینەکە بەخشى.

بەپێى بەڵگەنامە مێژوییەکان دەستپێکى یەکەم جوڵەى راپەڕین لە سلێمانى، هێرشى خەڵک بوو بۆ سەر حامیەی جەیش و سەرا و دائیرەی تەجنیدی سەرچنار، کە بە ماوەیەکى زوو ئازادکرا.

ئەمنە سوورەکە

لەو رۆژەدا هەموو پلەبەرز و کاربەدەستانى رژێم بەرەو ئەمنە سوورەکە پاشەکشەیان کرد و هەموو هێزى خۆیان لەوێ کۆکردەوە، بۆیە ئازادکردنى کەوتە رۆژى 8ـى ئادار.

ئەمنە سوورەکە، سەرگوزەشتەى سەدان چیرۆکى تاڵى خەڵکى سلێمانى و کوردستانە، بە درێژایى تەمەنى بەعس تا 8ـى ئادارى 1991، ئەمنە سوورەکە شوێنى ئەشکەنجە و ئازار و کوشتنى خەڵک بوو، هەربۆیە بە ئازادکردنى، قەڵاو هێزى بەعس لە شارەکەدا رووخا.

هەر بەپێى بەڵگەنامە مێژووییەکان، لە دوو رۆژى ئازادکردنى سلێمانیدا، زیاتر لە 100 کەس لە خەڵکى سلێمانى لە رووبەڕووبوونەوەى بەعس گیانیان بەخشى.