دیمەنێکی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ – وێنە؛ ئەرشیف
ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە
بەشێک لە دانیشتووانی قەڵادزێ بێ ئاو بوون
شۆڕش قادری
ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە و پڕۆژەی ئاوی خاس لەکارکەوت، هەر بەوهۆیەشەوە بەشێک لە دانیشتووانی قەڵادزێ بێ ئاو بوون.
پڕۆژەی ئاوی خاسی قەڵادزێ لە ئاگادارییەکدا بۆ دانیشتووانی ئەو دەڤەرە دەڵێت، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و دابەزینی لەناکاوی ئاستی ئاوی زێی بچووک، پڕۆژەی ئاوی خاس لە کارکردن وەستاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا ستافێک کار لە پڕۆژەکە دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوەکە، بەشێک لە دانیشتووانی قەڵادزێ ئاویان پێگەیشتووە، هەرکاتێکیش ئاستی ئاو گەیشتەوە رێژەی گونجاو، پڕۆژەکە دەست بەکارکردن دەکاتەوە.
پڕۆژەى ئاوى خاس لە قەڵادزێ، چوار حەوزى هەیە و سەرچاوەی سەرەکیشی ئاوی زێی بچووکە، کە دواى پاڵاوتنى ئاوەکە، ئاوى ئامادەکراو بۆ دابەشکردنیان تێدایە، دوو حەوز لە ناو پڕۆژەى ئاوى خاسدایە و دوو پڕۆژەکەى دیکە لە پشتى قەڵادزێن و هەر حەوزیک 10 ملیۆن لیتر ئاو لەخۆدەگرێت.
پرۆژەکە لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.