ناوەڕۆکى پەیوەندییەکە

عێراقچی تەلەفۆنی بۆ نێچیرڤان بارزانی کرد؛ “هەرێم نابێتە بەشێک لە ململانێکان”

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و باسی دۆخی ناوچەکەیان کرد.

سەرۆکایەتى هەرێم بڵاوى کردەوە، نێچیرڤان بارزانی بە روونی بە وەزیرە ئێرانییەکەی وتووە: هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت، نەک شەڕ.

وەک باسکراوە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی دەبێت ئاسایشی سنوورەکان بپارێزرێت و رێگە نەدرێت دۆخەکە لەوەی هەیە ئاڵۆزتر ببێت.

سەرۆکی هەرێم جەختی کردووەتەوە کە ئەوان پشتیوانی هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی دەکەن بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ناوچەکە.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە دۆخی ناوچەکە بەهۆی گرژییەکانەوە لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکاریی گەورەدایە.