قاسم ئەعرەجی بە باقری وتووە؛
“هێزی پێشمەرگە سنوورەکانى ئێرانی لەبەرەی هەولێر کۆنتڕۆڵکردووە”
فەرهاد حەسەن
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئێرانی وتووە کە ئەوان پابەندن بە رێکەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و هێزی پێشمەرگەش سنوورەکانى ئێرانی لەبەرەی هەولێر کۆنتڕۆڵکردووە.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تۆڕی X بڵاویكردووەتەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عەلی باقری، جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەنجامداوە و لایەنی ئێرانی داوای لێکردووە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو سنوری نێوان هەردوو وڵات.
ئەعرەجی “پابەندبوونی تەواوی عێراقیشی بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و رێگرتن لە دزەکردنی هەر گروپێک یان بەزاندنی سنوری ئێران یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە خاکی عێراقەوە دووپاتكردووەتەوە”.
دەشڵێت “وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزی زیاتری پێشمەرگەی رەوانەی پشتێنەی سنوری کردووە بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵكردنی کەرتی سنوری لەبەری هەولێرەوە”.