ئەمشەو هاوڵاتیانی سلێمانی بەتاریکی دانانیشن

هەر موەلیدەیەک ئیشی نەکرد پەیوەندی بە قایمقامیەتەوە بکەن

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دواجار خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی لەگەڵ قایمقامیەت رێککەوتن و بڕیاریاندا بۆ ئەمشەو ماڵی هاوڵاتیان رووناک بکەنەوە ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبوو.

نەبەز مەجید نوێنەری خاوەن موەلیدەکان بە 964ـی وت، “دوێنێ شەو زۆربەی موەلیدەکان ئیشیان کردووە و بۆ ئەمشەو دەبێت هەموویان کاریان پێبکرێت، چونکە بەبڕیاری شارەوانی سلێمانی هەر موەلیدەیەک ئیشی پێنەکرێت، شوێنەکەی لێدەسێنرێتەوە و دەدرێت بە کەسێکی دیکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی حەوت هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت و بەروونی دیار نییە بۆ چەند رۆژە، بەپێی خواستی هاوڵاتیان و پێویستی، رەنگە 130 بۆ 140 کاتژمێر کارەبا بدەن.

نەبەز مەجید وتیشی، ژمارە تەلەفۆن دانراوە و هەر موەلیدەیەک ئەمشەو ئیشی نەکرد بە ژمارە تەلەفۆنی 0701363679 دەتوانن پەیوەندی بە لیژنەکانی قایمقامیەتەوە بکەن و دواتر ئەوان کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەن.

بەبڕیاری قایمقامیەتی سلێمانی، موەلیدەکانی گەڕەک دەبێ لە کاتژمێر 4ـی عەسر بۆ 1ـی شەو و لە پارشێویش لە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیان تا کاتژمێر 5ـی بەرەبەیان ئیش بکەن، ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبوو.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری