چەمچەماڵ لەناو یاریگای خۆی دۆڕاندی

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

یانەی چەمچەماڵ لەناو یاریگای خۆی و بە بەرچاوی هاندەرانیەوە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی سۆران دۆڕا.

لە گەڕی 21ـی خولی نایابی کوردستان، یانەی چەمچەماڵ لەسەر یاریگای خۆی میواندری یانەی سۆرانی کرد.

گێمی یەکەمی یارییەکە، یانەی سۆران هەرزوو گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمار کرد، ئەگەرچی ناوبژیوانی یارییەکە لێدانی سزای بۆ چەمچەماڵ لیدا، بەڵام نەیانتوانی سوود لەو دەرفەتە ببینن و گۆڵی بەرامبەر تۆمار بکەن، بەمەش گۆڵی یەکەم بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندی یانەی سۆران کۆتایی هات.

یانەی چەمچەماڵ پێش یارییەکە بە 21 خاڵ لە ریزبەندی 13ـی خولی نایابی کوردستان دێت و مەترسی دابەزینی بۆ خولی پلە یەک لەسەرە.

لە گێمی دووەم، یانەی سۆران باشتر دەرکەوت و گۆڵی دووەمی لە خولەکی 55ـی یارییەکە تۆمار کرد، دە خولەک دواتر ناوبژیوان یاریزانێکی یانەی سۆرانی بە کارتی سوور کردە دەرەوە، بەڵام یاریزانانی چەمچەماڵ سوودیان لەم دەرفەتە نەبینی و لە هێرشێکی پێچەوانەدا لە خولەکی 87ـی یارییەکە، یانەی سۆران گۆڵی سێیەم و دڵنیایی بە پەناڵتی تۆمار کرد.

بەرزان حوسێن، یاریدەدەری راهێنەری چەمچەماڵ بە 964ـی وت، سێ خاڵی ئەم یارییە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، بەڵام بەداخەوە دۆڕاین.

دەشڵێت: ئەم ئەنجامە، هەموومان وەک یەک بەرپرسیارین، هەوڵدەدەین لەیارییەکانی هەفتەکانی داهاتوودا بیبەینەوه بۆ ئەوەی لەخولی نایاب بمێنینەوە.

بەم ئەنجامە، ئێستا یانەی سۆران بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی حەوتەم و یانەی چەمچەماڵیش بە 21 خال لە پلەی 13 دێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق