عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە؛ تەسنیم
"تەنیا یەک دوو فەرماندەی سەربازیمان کوژراون"
عێراقچی: ئەوەندەی من ئاگادارم بەرپرسانی باڵای وڵات سەلامەتن
964+
شۆڕش قادری
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەندی ئەو ئاگادار بێت، بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی سەلامەتن، رەنگە یەک دوو فەرماندەی سەربازییان کوژرابن و ئەوەش کێشەیەکی گەورە نییە.
عێراقچی قسەی بۆ کەناڵی ئێن بی سی کردووە و دەشڵێت، “هەرچەندە توانای ئێمە بۆ بەرگریکردن سنووری نییە، بەڵام لەگەڵ راگرتنی دەستدرێژییەکان، ئێمەیش هێرشەکان رادەگرین”.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، “ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن عەلی خامەنەیی لە بۆردومانەکانی ئەمڕۆدا کوژرابێت، یان بە لانی کەمەوە “برینداربوونی مسۆگەرە”.
دوای ئەو دەنگۆیەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، چەند میدیایەکی ئێران بڵاویانکردەوە کە عەلی خامەنەیی رێبەری ئەو وڵاتە سەلامەتە و کەمێکی تر وتارێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دەبێت.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، سێ درۆنی پێشکەوتووی ئیسرائیل بەناوی “هۆرمۆس” لە شارەکانی تەبرێز و خومەین و ئەهواز خراونەتە خوارەوە.