فرۆشیارێک: تەنیا خوا دەزانێت بەیانی نرخەکەی چی لێدێت
نرخی بامیە لە 65 هەزارەوە بۆ 30 هەزار دینار یاری دەکا
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
دوو رۆژە بامیەی خوارووی عێراق گەیشتووەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و نرخەکەی زۆر بەرزە فرۆشیارێکیش دەڵێت، نرخەکە هێشتا جێگیر نییە و بەهۆی کەمیی بەرهەم و زۆریی خواستەوە لە سەرەتادا گران دەبێت.
کەمال عومەر، فرۆشیاری سەوزە و میوە لە هەولێر بە 964ـی راگەیاند، پێرێ کاتێک بامیە بۆ یەکەمجار هاتە بازاڕ کیلۆی بە 65 هەزار دینار بووە، دوێنێ بووە بە 40 هەزار و ئەمڕۆش دابەزیوە بۆ 30 هەزار دینار، وتیشی “خوا نەبێت کەس نازانێت بەیانی نرخەکەی چی لێدێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بامیەی ئێستا لە بازاڕدایە بەرهەمی خوارووی عێراقە و هێشتا وەرزی بامیەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەهاتووە، پێشبینیش دەکرێت دوو بۆ سێ هەفتەی دیکەی بوێت تاوەکو بە تەواوی بەرهەمی ناوخۆیی بکەوێتە بازاڕەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر