بۆ رێبواران و هەژاران
لە مزگەوتی گەورەی کەلار ئێواران خواردنی زیاتر لە 400 کەس ئامادە دەکرێت
964+
میلاد جەلال – کەلار
لەسەرەتای مانگی رەمەزانەوە ھەموو ئێوارەیەک لە مزگەوتی گەورەی کەلار خواردن بۆ سەدان کەس لە رۆژوانان و رێبواران ئامادە دەکرێت، پرۆژەکەش لەلایەن سەرمایەدارێکەوە تا کۆتایی رەمەزان بەردەوام دەبێت
محەمەد کەمال، سەرپەرەشتیاری پرۆژەکەیە بە 964ـی وت، سەرمایەدارێکی خەڵکی سلێمانی ئەم خواردنە ئامادە دەکات و حەز ناکات ناوی بھێنرێت، جگە لەوانەی دێنە مزگەوتەکە نان دەخۆن بەسەفەری دەدرێتە رێبواران و ماڵە ھەژارەکان.
“ھەموو رۆژێک تا کۆتایی مانگی پیرۆزی رەمەزان بەمشێوەیە خواردن ئامادە دەکەین، خشتەیەکمان بۆدانراوە لە ھەفتەیەکدا سێ رۆژ گۆشتە و رۆژەکانی دیکەش مریشک”،محەمەد کەمال وای وت.
ئەو خواردنەی ئامادە دەکرێت رۆژ بە رۆژ زیادی دەکەن و تەنیا ئەمڕۆ خواردنی سەروو 450 کەس ئامادە کراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی