کۆبوونەوە کراوە و لیژنە خەریکن

عێراق 17 کەسی دەستگیرکرد خەڵکیان دەکرد بە سەربازی روسیی

ئەحمەد مستەفا

راوێژکاریک لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستگیرکردنی 17 کەسی بە تۆمەتی دامەزراندنی عێراقییەکان لە ریزەکانی سوپای روسیادا راگەیاند و وتی،  حکومەت رێنمایی داوە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئۆکرانی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی وەک سەرباز لە ریزی روسیا بوون و ئێستا لای ئۆکرانیا دیلن.

هەروەک، جەختی لە نزیکبوونەوەی سەردانی شاندێکی حکومی بۆ مۆسکۆ کردەوە بۆ زانینی ژمارەی راستەقینەی ئەو عێراقییانە.

سەعید جەیاشی، راوێژکاری ستراتیژی لە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامی لیژنەی باڵای راسپێردراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دامەزراندنی عێراقییەکان لە سوپای روسیا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، حکومەتی عێراق بایەخێکی زۆری بە بابەتی دامەزراندنی “تەجنیدکردنی” عێراقییەکان لە سوپای روسیا داوە و لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامییەتی لایەنە ئەمنی و هەواڵگرییەکان پێکهێناوە.

لیژنەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری و بەتایبەت لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان ئەنجامداوە بۆ دیاریکردنی ئەو یاسایانەی کە دەکرێت لەرێگەیانەوە بەرەنگاری ئەم دیاردەیە و حاڵەتەکانی دامەزراندنی گەنجانی هەژاری عێراق ببنەوە بۆ ناو شەڕێک کە عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە.

جەیاشی وتی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری هاوکارییەکی زۆری کردووە و ماددەی 165ی یاسای سزادانی عێراقی دیاری کردووە کە هەر هاووڵاتییەکی عێراقی تاوانبار دەکات گەر بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق بچێتە ناو هێزە چەکدارە بیانییەکانەوە و سزای توندی بۆ داناوە، لیژنەکە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە بەغدا و وەزارەتی دەرەوە ئەنجامداوە سەبارەت بە کێشەی پێدانی “ڤیزای” روسی لە رێگەی کونسوڵخانەکانی روسیا لە بەسڕە و هەولێر.

وەک باسی دەکات، هۆشداریش دراوەتە لایەنی روسی ئەو رێکارانە نایاسایین و گەنجانی عێراقی لە رێگەی گرێبەستی ساختە یان بۆ مەبەستی خوێندن پەلکێش دەکرێن و دواتر ناچار دەکرێن ببنە سەرباز، وەک ئەوەی بەسەر هونەرمەندێکی عێراقیدا هاتبوو کە لە ڤیدیۆیەکدا باسی لەوە کردبوو چۆن فێڵی لێکراوە و ناچارکراوە.