رێنمایی کچە خوێندکارێک بۆ رۆژووەوانان؛
لەکاتی بەربانگ خێرا تاومەدەنە شیرینی و مەیخۆن
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لەناو پێشانگای ئەربیل ستریت لە هەولێر، كۆمەڵێك خوێندکار خۆبەخشانە پشكنین بۆ هاوڵاتیان دەكەن و رێنماییان پێ دەدەن لەوەی کە لەکاتی بەربانگ، چی بخۆن و بخۆنەوە.
ژوان حاتەم خوێندکاری بەشی بایۆلۆجی زانکۆی جیهان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بەخۆڕایی پشکنینی خوێن و شەكرە بۆ هاوڵاتیان دەكەین، پێویستە لەکاتی رۆژووشکاندن خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی شیرینی، چونکە بەخێرایی رێژەی شەكر لەلەشدا بەرزدەکاتەوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، راستە کە لەکاتی برسێتی و رۆژووگرتندا رێژەی شەكر لەلەش كەم دەبێت و دەبێتەهۆی سەرگێژە، بەڵام نابێ لەکاتی بەربانگ، پێش هەموو شتێک شیرینی بخۆی.
فێستیڤاڵی ئەربیل ستریت، بازاڕێكی هەمەرەنگە بۆ مانگی رەمەزان کراوەتەوە و جۆرەها كاری دەستی و خواردنی كوردەواری و بەرهەمی خۆمالی تێدا نمایش دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری