سوپا هەڵیکوتایەسەریان
بەشێوەیەکى کاتى؛ کێشەى دانیشتوانى گەڕەکى نەورۆز چارەسەرکرا
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
دوای شەوێکی پڕ لە گرژی و هەڵکوتانە سەر ماڵان لەلایەن سوپای عێراقەوە، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک گەیشتە گەڕەکی نەورۆز و بڕیاری کشانەوەی هێزەکان و گەڕاندنەوەی ماڵەکانی بۆ خاوەنەکانیان راگەیاند.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئەو خانووەی سوپا دەستی بەسەردا گرتبوو گەڕاندمانەوە بۆ خاوەنەکەی، هەروەها سوپامان لە سەرجەم ماڵەکان پاشەکشێ پێکرد بۆ سەربازگەکانی خۆیان.”
پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد کە چیتر سوپا مافی دەستوەردانی لەو گەڕەکەدا نییە و وتی: “کاروباری ئیداریی ئەو گەڕەکە دەدرێتە دەستی پارێزگا؛ بەو پێیەی موڵکی دەوڵەتە، خۆمان دەزانین چۆن رێکی دەخەین و ناهێڵین هیچ خێزانێک زەرەرمەند بێت.”
ڕێبوار تەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، فەرماندەی هێزی پیادە و ئۆپەراسیۆنەکان قسەی کردووە و گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە دۆسیەی گەڕەکەکە لە ژێر دەسەڵاتی پارێزگاردا بێت و سوپا هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەمێنێت.
سەبارەت بەو دوو خانووەی کە سوپا تێیاندا جێگیر ببوو، پارێزگار رایگەیاند: “لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن لەو دوو خانووەدا نیشتەجێ دەبن، تا ئەو کاتەی خاوەن ماڵەکان سەردانی بینای پارێزگا دەکەن و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی فەرمی، خانووەکانیان رادەست دەکرێتەوە.”
ئەم بڕیارەی پارێزگار دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو سوپا بە شێوەیەکی توندوتیژ هەڵیکوتایە سەر گەڕەکەکە و لەبەردەم ژن و منداڵدا لێی لە خاوەن ماڵێک دابوو، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی لێکەوتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح