دەنگی تەپڵی شەڕ دێت

کۆشکی سپی: سەرۆک ترەمپ هێشتا دیپلۆماسی پێ لە شەڕ باشترە

ئەرسەلان عەبدوڵا

هەرچەندە لە شەوی رابردووەوە دەنگۆکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆرتر بووە، بەڵام کۆشکی سپی دووپاتیکردەوە دیپلۆماسی وەک رێگایەکی پەسەندکراوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەمێنێتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە “زۆر هۆکار و ئارگۆمێنت” هەیە کە دەتوانێت پاساو بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر تاران بهێنێتەوە.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کردەوەی سەربازی بەرامبەر ئێران بۆ رۆژنامەنووسان وتی، سەرۆک ترەمپ هەمیشە روون بووە سەبارەت بە ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان: دیپلۆماسی هەڵبژاردەی یەکەمە.

ئاماژەی بەوەش کرد، “زۆر ژیرانە دەبێت ئێران لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بگاتە رێککەوتن”.

ئەو قسانە دوای ئەوە هات رۆژی سێشەممە لە دووەمین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، تاران چاوەڕوانییەکانی پێشکەوتنی خێرای بەرەو رێککەوتن کەمکردەوە، هەرچەندە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێگای رێککەوتن “دەستیپێکردووە”.

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا بەدیهاتووە، بەڵام زۆرێک لە وردەکارییەکان چارەسەرنەکراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرا له ماوەی دوو هەفتەدا لایەنی ئێرانی پێشنیاری ورد بخاتەڕوو به ئامانجی کەمکردنەوەی مەودای ناکۆکییەکان.

دوایین خولی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵانێک هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ رێگریکردنە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە.