بۆ ئەوەی زەویە كشتوكاڵییەكەی تێكنەچێت

جوتیارە نموونەیەكەی كوردستان درۆنێكی بەكرێ گرتووە بۆ كارە كشتوكاڵییەكانی


فەرهاد حەسەن

شێخ جەمالی كربچنە، جوتیارە نموونەیەكەی كوردستان و یەكێك لە 13 جوتیارەكە نموونەیەكەی جیهان، بەمەبەستی ئەنجامدانی كارە كشتوكاڵییەكانی لە گوندەكەی كە كەوتووەتە سنووری ناحیەی سەنگاو، درۆن بەكار دەهێنێت و دەڵێت، بۆ ئەوەی زەویەكەى و كشتوكاڵەكەی تێنەچێت بۆیە بەكاری هێناوە.

964 پەیوەندی بە شێخ جەمالەوە كرد، وتی “ئەم درۆنە هی خۆم نیە بە كرێ هێناومە بۆئەوەی مادەی سەماد بەسەر زەوییەكە بڵاوبكەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی زەویەكان هێشتا ئاوی بارانیان تێدا ماوە ناتوانین تراكتۆر بۆ بڵاوكردنەوەی سەمادەكە بەكاربهێنین چونكە زەوییەكە قوڕە و تێكی دەدات و دەیشێوێت.

لە ساڵی 2024 ەوە، کێڵگەی جوتیاری نموونەیی شێخ جەمال کربچنە، وەک یەکێک لە پەسەندکراوترین کێڵگەکان لەسەر ئاستی جیهان دیاریکرا، بۆ ئەمەش زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی 12 کێڵگەی نموونەیی هی 12 جوتیار لەسەر ئاستی جیهان بە پێوەری زانستی هەڵبژاردووە، کە کێڵگەی شێخ جەمال بووە یەکەم کێڵگەی هەڵبژێردراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 13مین کێڵگە لەسەر ئاستی جیهان.