رۆژانە ١٠ دوكان لە زاخۆ دادەخرێن
میدیازان- شڤان عەبدولڵا – زاخۆ
قایمقامیەتی زاخۆ رۆژانە ١٠ دوكانی شارەکەی دادەخات، تاوەکو مۆڵەتی كاركردنیان نوێ نەكەنەوە رێگە بە كردنەوەیان نادات.
وڵات هەجەر، سەرپەرشتیاری كارگێڕی و سەرۆكی لیژنەكانی بەدواداچوون لە قایمقامیەتی زاخۆ بە میدیازانی وت، لە ماوەی دوو رۆژدا ٢٠ دوكان داخراون.
دوکانەکان پێكهاتوون لە دوكانی مۆیایل و شوشتنگەی ئۆتۆمبێل و نوسینگەی گواستنەوە و میوەفرۆشی، بەهۆی ئەوەی كە هەندێكیان مۆڵەتیان نەبووە و هەندێكی تریان مۆڵەتەكانیان بەسەرچووە.
“لیژنەكەی قایمقامیەت هەموو بازاڕی زاخۆ دەگەڕێن بەبێ جیاوازی، هەر كەس مۆڵەتی نەبێت و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ نەكات، دوكانەكەی دادەخرێت”، وڵات هەجەر وا دەڵێت.
بەشێک لە دوكاندارەكان قسەیان بۆ میدیازان كرد، وتیان کە هەڵمەتی داخستنی دوكانەكان پەیوەندی بە رێكخستنی بازاڕەوە نییە، “پەیوەندی بە پێنەدانی باج هەیە و دەیانەوێت باجمان لێوەربگرن”.