پیلانی رێکخستنەوەیان هەبووە
10 چەکداری داعش لە ناوچەکانی هەرێم و عێراق دەستگیرکران
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی گرووپێکی مەترسیداری چەکدارانی داعشی بەناوی “کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی” سەر بە ویلایەتی کوردستانی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رۆژی 8.12.2025 تاوەکو 9.2.2026 توانیویانە چەند ئۆپەراسیۆنیک بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستەکن لە سنووری (هەڵەبجە، سەیدسادق، پێنجوێن، گەرمیان و دیالە) ئەنجام بدەن.
بە گوێرەی گێڕانەوەکەی ئاسایش، پیلانی چەکدارانی داعش کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی سەر بە ویلایەتی کوردستان، خۆڕێکخستنەوە و دروستکردنی گرووپی تیرۆریستی و دروستکردنی شوێنی مانەوە و گواستنەوەی چەکدارانی داعش بووە، لە وڵاتانی دراوسێ بۆ کوردستان و خوارووی عێراق.
لە کۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا، یەک کارمەندی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان برینداربووە و و توانراوە 10 تیرۆریست دەستگیربکرێن و دەستیشگیراوە بەسەر هەشت چەک و یەک دەمانچە و دوو بۆمبی دەستی و ماددەی تەقینەوە لە جۆری سیفۆر و دووربین و پشتێنی خۆکوژی، هەروەک لە راگەیاندراوی دەزگای ئاسایشدا هاتووە.
وەک دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، ئێستا سەرجەم تیرۆریستەکان بە ماددەی 4ی تیرۆر، راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.