دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان - وێنە: پۆلیسی سلێمانی
پۆلیس راگەیەندراوی هەیە
ئۆتۆمبیلێک بەنیەتی دزینی رفێنرا، چلەی نەچوو بکەرەکان گیران
964+
ئەحمەد مستەفا
کابرایەک بە گەشت لە هەولێرەوە چووەتە سلێمانی و ئۆتۆمبێلەکەیان بە فێڵ لێ دزیوە، پیاوەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد و بنکەی پۆلیسی سورداش، توانیان بکەرەکانی دەستگیر بکەن، کە دوو تۆمەتبار بوون.
ئەوان، پرسیاری ناونیشانیان لێ کراوە و کابرای گەشتیاریان هەڵخەڵەتاندووە، هێرشیان کردووەتە سەری و ئوتۆمبێلەکەیان دزیووە.
وەک پۆلیسی سلێمانی راگەیەندراوی هەیە و ئەمڕۆ 16.2.2026 چیرۆکەکە دەگێرێتەوە: لە رۆژی 10.2.2026، هاوڵاتییەک لە شاری هەولێر دێت بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی گەشتکردن، بەهۆی نەشارەزابوونیەوە پرسیاری دۆزینەوەی شوێنێک لە دوو کەس دەکات، دواتر کەسەکان دەچنە لای ئۆتۆمبێلەکەی و وانیشان دەدەن کە هاوکاری دەکەن، بەڵام شۆفێرەکە دەبەنە شوێنێکی چۆڵ و هێرش دەکەنە سەری و پاشان ئوتۆمبێلەکەی دەدزن.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و لە ئەنجامدا بە هاوکاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد و بنکەی پۆلیسی سورداش، توانراوە لە ماوەی کەمتر لە نۆ کاتژمێردا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
هەریەکە لە تۆمەتبارەکان تەمەنیان 22 ساڵە، ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە پێی مادەی (446 لە یاسای سزادان) راگیراون و وەک پۆلیس باسی دەکات، لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و دوای تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە، ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.