خه‌ریكی به‌شی چواره‌م بوون

به‌رهه‌مهێنه‌ری درامای “تاران” به‌ مردوویی دۆزرایه‌وه‌

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پۆلیسی یۆنان دۆزینەوەی ته‌رمی دانه‌ ئیدن، بەرهەمهێنەری زنجیرەی ناودار و مشتومڕهێنی ته‌له‌ڤزیۆنیی ئیسرائیلی “تاران”ی راگەیاند، کە لە ژوورێکی هۆتێلێكی ئەسینای پایتەختدا مردووە، لێکۆڵینەوەش بۆ بارودۆخی مردنی ئەو خانمه‌ دەستیپێکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاندووە، ئیدن تەمەن 52 ساڵ، ئه‌مڕۆ یەکشەممە بە مردوویی دۆزرایەوە، دوای ئەوەی خزمێکی نەیتوانیوه‌ پەیوەندی پێوە بکات.

پۆلیسی یۆنان روونیکردەوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی وەک گومانی خۆکوشتن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکرێت، بە پشتبەستن بە بەڵگەی بەردەست و لێدوانی شایەتحاڵەکان.

لێکۆڵەران ئاماژەیان بە دۆزینەوەی حەب لە شوێنی رووداوەکە کردووە، پزیشکێکی یاساییش ئه‌وه‌ی بینیوه‌ هه‌ندێك شوێنی لێدان له‌سه‌ر ملی هه‌یه‌.

کۆمپانیای دۆنا وشولا پرۆداکشنز، كه‌ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی كاره‌كانی دانه‌ ئیدنه‌، رایگەیاندووە، خێزان و هاوکارەکانی لە “ماتەمینی قووڵدان”، دەنگۆی بوونی پاڵنەری سیاسی یان تاوانكاری له‌ پشت مردنەکەی رەتدەکه‌نه‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌زگه‌ی پەخشی گشتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیدن بۆ وێنەگرتنی وەرزی چوارەمی زنجیرەی تاران له‌ یۆنان بووە.

زنجیرەی ته‌له‌ڤزیۆنیی “تاران”

زنجیرەی “تاران” بە یەکێک لە بەهێزترین زنجیره‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی ئیسرائیل دادەنرێت لە دوای نمایشکردنی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2020، ئێستاش ئاماده‌كاری بۆ به‌رهه‌مهێنانی وەرزی چوارەمی ده‌كرێت.

زنجیره‌كه‌ مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، کە باس لە بریکارێکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دەکات، کە دەچێتە تاران بۆ تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و له‌وێش رووبه‌ڕووی ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران ده‌بێته‌وه‌.

به‌رهه‌مهێنه‌ری درامای “تاران” به‌ مردوویی دۆزرایه‌وه‌

بەشی سینەما لە زانکۆی هونەری تاران نەما

بەشی سینەما لە زانکۆی هونەری تاران نەما