گەڕانەوەی خێزانەکان
لە کەمپی رۆژ بوون
34 ئوستراڵی لە کەمپی داعشەوە نێردرانەوە بۆ وڵاتەکەیان
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ دووشەممە 16.2.2026، 11 خێزانی چەکدارانی داعش کە خاوەن رەگەزنامەی ئوستراڵیان و لە 34 کەس پێکهاتوون رادەستی وڵاتەکەیان کرانەوە.
ئەوان لە کەمپی “رۆژ” لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ کرابوون.
ئاژانسی هاوار نیوز دەڵێ، کەمپی رۆژ کە دەکەوێتە ناوچەی دێرک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لە ئێستادا 742 خێزانی چەکدارانی داعشی تیادا نیشتەجێیە.
کە کۆی گشتییان دەگاتە دوو هەزار و 231 کەس، ئەو خێزانانەی لەو کەمپەدا ماونەتەوە، هەڵگری رەگەزنامەی زیاتر لە 40 وڵاتی جیاوازی جیهانن.
پرۆسەی رادەستکردنەوەی ئەم خێزانانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی بیانی ناو کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ئەوەش، بە مەبەستی کەمکردنەوەی باری گرانی سەر ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان.
