دیمەنێک لە هێرشی ئاسمانی - وێنە: ئاژانسەکان
لە دوو مانگدا
زیاتر لە 50 چەکداری داعش لە سوریا کوژراون و دەستگیرکراون
964+
ئەحمەد مستەفا
لە ماوەی دوو مانگ، زیاتر لە 50 چەکداری داعش لە سوریا کوژراون یان دەستگیرکراون. ئەمە قسەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا “سێنتکۆم”ە.
هەروەک ئاشکرای کردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە وەڵامدانەوەی هێرشێکی داعش بوون کە بووە بەهۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی.
فەرماندەییەکە دەڵێ، بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی نوێی بۆ سەر پاشماوەکانی رێکخراوی چەکداری داعش لە سوریا کارەکە کراوە.
سێنتکۆم هێزەکانیان لە نێوان 3 بۆ 12ی شوبات، 10 هێرشیان لە سووریا ئەنجام داوە و تێیدا زیاتر لە 30 ئامانجی داعشیان پێکاوه.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو هێرشانەدا کە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراون، بە وردی ژێرخانی رێکخراوەکە و کۆگاکانی چەکی داعش بۆردومان کراون.
سێنتکۆم لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاشکرای کردووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردووی ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکانیاندا، زیاتر لە 50 چەکداری داعش کوژراون یان دەستگیرکراون، هەروەها زیاتر لە 100 ئامانجی ژێرخانی ئەو رێکخراوە بە سەدان مووشەکی ورد وێران کراون.
ئەم زنجیرە ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی “هۆک ئای” وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ هێرشەکەی 13ی کانونی یەکەم بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە تەدمور دەستیپێکردووە، کە لەو بۆسەیەی داعشدا، دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی ئەمریکی کوژران.