بەشە کارەبای قەزاکە بۆ سێیەک کەمکرایەوە

خورماتوو لە لێواری تاریکیی تەواوەتیدایە

964+
سیروان خورشید- خورماتوو

بەرپرسانی کارەبای خورماتوو هاواریان لێ هەستاوە و هۆشداریی دەدەن لە پەککەوتنی تەواوی تۆڕی کارەبای قەزاکە. محەمەد قاسم، لێپرسراوی تەکنیکی و پلاندانان لە فەرمانگەی کارەبای خورماتوو دەڵێت، زۆربەی ستۆن و مەحاویلەکان “ماندوو بوون” و بەهۆی بارزۆری و سەرپێچییەوە لەبەردەم هەڕەشەی سووتان و تێکچووندان.

کێشەکە تەنیا لایەنی تەکنیکی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕی ئەو وزەیەوە هەیە کە دەگاتە شارەکە؛ پێشتر خورماتوو 157 مێگاوات کارەبای بۆ دابین دەکرا، بەڵام ماوەیەکە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای “تازە” لە کەرکوک، بە بیانووی کەمیی وزە ئەو بڕەی بۆ کەمتر لە 50 مێگاوات کەم کردووەتەوە. ئەم پاشەکشە گەورەیە وایکردووە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ کەمتر لە 10 کاتژمێر لە شەو و رۆژێکدا دابەزێت.
فەرمانگەی کارەبا دەستەوەستانە لە چاککردنی دۆخەکە، چونکە هاووڵاتییان نە پارەی پسوولەکان دەدەن و نە واز لە سەرپێچی سەر تۆڕەکان دەهێنن. بەپێی وتەی لێپرسراوی تەکنیکی، قەرزێکی زۆری کارەبا لای هاووڵاتییانە و ئەوانیش ئامادە نین بیدەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی فەرمانگەکە توانای دارایی بۆ هیچ خزمەتگوزارییەکی نوێ نەمێنێت.
وەک دوایین هۆشداریش، فەرمانگەکە بڕیاری داوە پەنا بۆ سزای دارایی توند ببات؛ هەر کەسێک بە سەرپێچی کارەبا ڕابکێشێت، بە دزینی سامانی گشتی هەژمار دەکرێت و بە بڕی 250 هەزار تاوەکو یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار سزا دەدرێت، ئەمە جیا لەوەی رووبەڕووی دادگا و یاسا دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی کارەبا پچڕا

لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی کارەبا پچڕا

لە خورماتوو دوو کارمەندی کارەبا لە کاتی کاردا گیانیان ...

لە خورماتوو دوو کارمەندی کارەبا لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستدا