بە ڤیدیۆ بیبینە
ئاوی بەنداوی دوکان زۆر زیادی کردووە
964+
فەرهاد حەسەن
لە رێگەی وێبسایتێکەوە چۆنیەتی زیادبوونی ئاو لە دەریاچە و رووبارەکاندا بە ئاسانترین شێوە دەزاندرێت، شارەزایەکی ئەم بوارەش دەریاچەی دوکانی وەک نموونەیەک وەرگرتووە کە لە مانگی رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە چەند ئاوی تێدا زیاد کردووە.
کەیفی فاخیر برایم ناسراو بە کەیفی چۆمانی، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە لافاو و مامۆستای بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی راپەڕین، ئەم تاقیکردنەوەیەی بڵاوکردووەتەوە و بە وردی چونیەتی زیادبوونی ئاوی ئەم بەنداوەت پیشان دەدات.
دەڵێت “بەهۆی وێبسایتی کۆپەرنیکۆس بە ئاسانی دەتوانیت وێنە و ڤیدیۆ و بەراورد و شیکاری بکەیت بۆ تەواوی وێنەی مانگە دەستکردەکان، هەمانکات دەتواندرێت شیکاری بۆ سەوزایی و فراوانبوونی شار و ئاو و کشتوکاڵ و چەندین بەراوردکاری دیکە بکەیت”.
باسی لەوە کردووە کە ئەوەی کردوویەتی زۆر بەسوودە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، ئەمە جگە لەوەی زۆر بەسوودیشە بۆ میدیا و راگەیاندن، لەجیاتی بە قسە باسی زیادی و کەمی ئاو و بابەتەکانی دیکە بکەن، بە وێنە دەتوانن بەم جۆرە نیشانی بدەن و کاریگەری باشترە و خەڵک ئاسانتر لە بڕ و رێژەکەی تێدەگات، کە دروستکردنی وێنەکە تەنها یەک دوو کلیکە و ئاسانە بۆ بەکارهێنان.
ئەمەش لینکی وێبسایتەکەیە:
https://browser.dataspace.copernicus.eu/
هەرچەندە ئەم شارەزایە بڕ و رێژەی ئاوە زیادبووەکەی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام بەپێی دوایین زانیاری کە بەنداوەکانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، زۆربەی بەنداوە بچووكەكان سەرڕێژیان كردووە و ئاستی ئاوی هەر چوار بەنداوە گەورەكەی هەرێم کە بیرتین لە دوكان، دەربەندیخان، دهۆك و گۆمەسپان، زۆر زیادیان كردووە، بەجۆرێک ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 10 مەتر و 70 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش زیاتر لە 10 مەتر بەرزبوونەتەوە.