وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکات
بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان؛ عێراقچی گەیشتە مەسقەت
ژێوار خدر
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای دیپلۆماسی گەیشتە شاری مەسقەتی پایتەختی عەمان، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکان.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ گەیشتنی، لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عەمان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و رێکخستنی کارنامەی ئەو گفتوگۆیانەی بڕیارە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام بدرێن.
هەرچەندە بڕیار بوو کاتژمێر 10:00ـی ئەم بەیانییە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا دەستپێکردنی یەکەم دانیشتنی نێوان شاندەکان بەفەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام بڕیارە دانوستانەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بن و تێیدا باسی پرسی لابردنی سزاکان و گەڕانەوە بۆ پابەندییە ئەتۆمییەکان بکرێت، عەمان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت، هەوڵ دەدات زەمینەیەکی گونجاو بۆ نزیککردنەوەی دیدگای هەردوولا بڕەخسێنێت پێش ئەوەی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان بە فەرمی دەستپێبکات.