هیوا مەحمود عوسمان بۆ کەناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی:
“کەناڵە عەرەبییەکان وێنە دروستەکەی رۆژئاوای كوردستان ناگوازنەوە”
ژووری هەواڵ
لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی، هیوا مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی 964 سەرکۆنەی کەناڵە عەرەبییەکانی کرد کە وێنە دروستەکە لە بارەی رۆژئاواوە ناگوازنەوەو وتی تازە رۆژئاوا بووەتە واقیع و هیوادارم دیمەشق نەکەوێتە ژێر کاریگەری تورکیاو وڵاتانی دیکە.
لێرە ڤیدیۆکە داندراوەو دەتوانن بە تێکستیش بیخوێننەوە:
پێشکەشکار: وەک پەیامنێرەکەمان لە سووریا ئاماژەی پێدا، گرژی هەیە بەڵام ئاهەنگگێڕانیش هەیە لە شارەکانی وەک رەقە و حەسەکە، خەڵکەکە ئاهەنگ دەگێڕن بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. کوردەکان چۆن سەیری ئەم دیمەنە دەکەن؟ و تۆ وەک کوردێک چ هەستێکت هەیە کاتێک ئەمە دەبینیت؟
هیوا مەحمود عوسمان: سوپاس بۆ میوانداریکردنم، لە راستیدا وێنەیەکی زۆر نادروست لە لایەن هەندێک میدیای عەرەبییەوە وەک جەزیرە و عەرەبییە (بەشی عەرەبی) نیشان دەدرێت، هیوادارم جەزیرەی ئینگلیزی دادپەروەرانەتر روماڵەکە بکات، ئەو ئاهەنگانەی دوێنێ بینیمان لە لایەن هەندێک پێکهاتەی عەرەبییەوە بوون کە لە حەسەکە دەژین، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە گرژی لەگەڵ دانیشتووانە خۆجێیەکانی تری ناوچەکە. وەک پەیامنێرەکەش وتی پرۆسەکە زۆر ناسکە و دەبێت بە دروستی راپۆرت بکرێت. ئێمە تیمێکی 964مان لەسەر زەوی هەیە و ئەو راپۆرتانەی بۆمان دەنێرن زۆر جیاوازن لەوەی لە میدیا عەرەبییە سەرەکییەکاندا دەبینرێت. پرۆسەکە ئێستا زۆر هەستیارە، رێککەوتنێک لە دیمەشق واژۆ کراوە و جێبەجێکردنی زۆر فشەڵە، ئەگەر هەنگاوی بڕواپێکراو بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا نەبێت، بارودۆخەکە خراپتر دەبێت، تا دە خولەک پێش ئێستاش هێزە ئەمنییەکان نەچوونەتە ناو قامیشلۆ و کۆبانیش هێشتا لەژێر گەمارۆدایە.
پێشکەشکار: کاتێک دەڵێیت وێنەکە لە جەزیرە روون نییە، ئەوەی ئێمە لە پەیامنێرەکانمانەوە دەیبینین ئەوەیە کە کەمینە عەرەبەکان لەو ناوچانە ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام کاتێک لەگەڵ کوردەکانی ئەو ناوچەیەش قسە دەکەین، سکاڵایان هەیە لە نەبوونی خزمەتگوزاری و دەڵێن دەسەڵاتە کوردییەکانی ئەوێ نەیانتوانیوە پێداویستییە رۆژانەکانیان دابین بکەن.
هیوا مەحمود عوسمان: بێگومان ناتوانن دابینی بکەن ئەگەر لە شوێنێکی وەک کۆبانی لەژێر گەمارۆدا بن، کارەبا و وزەی ئەو ناوچانە هەمووی لەژێر کۆنتڕۆڵی دیمەشقدایە، بۆیە ئاشکرایە ناتوانن پێداویستییەکان پڕ بکەنەوە.
پێشکەشکار: با ئەمەت لێ بپرسم؛ سەبارەت بەو رێککەوتنەی دیمەشق و سەرکردایەتی کورد کردوویانە، زۆر کەس بە راشکاوی دەپرسن: ئایا خەونی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری (رۆژئاوا) هێشتا واقیعە یان کۆتایی هات؟
رۆژئاوا واقیعێکە لەسەر زەوی. بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی چۆن ئەم خەونە وەردەگێڕدرێت بۆ واقیع
هیوا عوسمان: سەیریکە، رۆژئاوا واقیعێکە لەسەر زەوی. بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی چۆن ئەم خەونە وەردەگێڕدرێت بۆ واقیع، ئەگەر ئامانجەکە تێکشکاندنی بێت بە هێنانی سوپا و هێز وەک سەردەمی سەدام حوسێن و پەنابردن بۆ کۆمەڵکوژی و جینۆساید وەک ئەوەی لە عێراق بینیمان، ئەوا ئێمە پەرچەکرداری ناوچەکە و کوردمان لە دیاسپۆرا بینی، بۆیە ئەگەر ئەوە روو بدات، بێگومان دەبێتە گۆمی خوێن و ناوی “رۆژئاوا” زیاتر جێگیر دەبێت، رۆژئاوا ئێستا لەبەردەم دووڕیانێکدایە، یان دەبێتە سیمبولی جینۆساید و جەنگی بەردەوام، یان دەبێتە نموونەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی سیاسییەکاندایە، بەتایبەت دیمەشق، چونکە ئەوان خاوەن دەسەڵاتن. ئەگەر ئەو مەرسومانەی سەرۆک واژۆی کردووە جێبەجێ بکرێن و مافەکان لە دەستووردا بچەسپێنن، ئەوا رۆژئاوا دەتوانێت رێڕەوێکی جیاواز بگرێتە بەر.
پێشکەشکار: بەڵام رێگەم بدە ئەمەت لێت بپرسم، چونکە ئەمە بابەتێکی ئاڵۆزە؛ کوردەکان زۆرجار وەک یەک گەل وەسف دەکرێن، بەڵام ئەوان بەسەر زمان و ئایدۆلۆژیا و جوگرافیای جیاوازدا دابەشبوون، ئایا واقیعییە چاوەڕێی یەکگرتوویی سیاسی لە کوردان بکەین کاتێک تەنانەت بە زمانی جیاواز قسە دەکەن؟ ئایا واقیعەکە ئەوە نییە کە ئێوە زیاتر بەپێی عەشیرەت دابەشبوون نەک ئایدۆلۆژیا؟
هیوا مەحمود عوسمان: باشە، کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی ترە، ئەگەر بڵێیت عەرەبەکان بەسەر زماندا دابەشبوون، ئەوا کوردیش وایە. ئەمانە تەنیا دوو زاراوەن نەک دوو زمانی جیاواز، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی رووداوەکانی رۆژئاواوە، هەموو کوردێکی عێراق بۆ نموونە کە زاراوەیەکی جیاوازی هەبوو، فێری زاراوەی کرمانجی بووە و بەپێچەوانەشەوە. بۆیە جیاوازی زاراوە چیتر کێشە نییە، سوپاس بۆ میدیا و سۆشیاڵ میدیا کە خەڵکەکەی پێکەوە بەستووەتەوە، سەبارەت بە ئایدۆلۆژیاش، لە هەموو شوێنێک وایە. تەنیا هەندێک وڵاتی دیاریکراو یەک ئایدۆلۆژیایان هەیە، هەر گەلێکی سیاسی و زیندوو خاوەنی ئایدۆلۆژیای جیاوازە و ئەمە زۆر ئاساییە. لە کوردستانی عێراقدا چەندین ئایدۆلۆژیا هەیە؛ ئیسلامی، سێکۆلار، لیبراڵ و هەمووشیان پێکەوە دەژین. دابەشبوونی ئایدۆلۆژی نابێتە بیانوو بۆ ئەوەی ماف بە خەڵک نەدرێت، کاتێک مافی دەستووری دەدەیت بە خەڵک لە دەستووری سووریادا، ناڵێیت ئەمە تەنیا بۆ ئەوانەیە کە خاوەن ئایدۆلۆژیای ڕراستڕەون یان ئیسلامین، بۆیە ئەمە نابێتە کێشە.
پێشکەشکار: کەواتە سەرکردە کوردەکان چۆن ئەم رێککەوتنە روون دەکەنەوە کە ئێستا لە سووریا دەیکەن؟ چۆن ئەمە بۆ گەلێک روون دەکەنەوە کە لەسەر بیرۆکەی سەربەخۆیی و خۆپاراستن پەروەردە کراون؟
کوردەکان بە گشتی هیوادارن دیمەشق بتوانێت سەربەخۆیانە بڕیار بدات
هیوا مەحمود عوسمان: ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە رۆژی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا زۆر بە روونی ئەمەی روونکردەوە. وتی: “ئەمە ئەوە نییە کە هیوامان بۆ دەخواست، بەڵام کۆتاییش نییە.” ئەو بە زمانی کوردی بە گەلی کوردی وت کە ئەوەی بەدەستمان هێناوە باشترە لەوەی هیچمان نەبێت، بەڵام ئەوە نییە کە ئاواتمان بۆ دەخواست. ئێستا قۆناغی سیاسەت دەست پێدەکات، دەبێت بچینە ناو گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و بزانین کارەکان لە کوێ دەوەستن، ئاواتەکانمان و هێڵە سوورەکانمان چین، پێموایە هەردوولا تێدەگەن کە لەمەودوا قۆناغێکی نوێی سیاسەت و پەیوەندییە لە نێوانماندا، زۆر گرنگە هەردوولا پەنا بەرن بۆ مێزی گفتوگۆ، کوردەکان بە گشتی هیوادارن دیمەشق بتوانێت سەربەخۆیانە بڕیار بدات، بەبێ کاریگەرییە دەرەکییە ناوچەییەکان، بۆ نموونە وەک تورکیا کە کێشەی تری لەگەڵ کورد هەیە، نابێت سوورییەکان باجی ئەوە بدەن.
پێشکەشکار: لێرەدا کۆتایی پێ دەهێنین، زۆر سوپاس بۆ قسەکانت و خستنەرووی دیدگای کورد. هیوا عوسمان لە هەولێرەوە، سوپاس بۆ کاتەکەت