لە کارگەی ئاو کاری کردووە - گرافیکی : 964
لە شارەزوور
ژنێکی دووگیان لە کاتی کارکردن گیانی لەدەستدا
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە یەکێک لەکارگەکانی قەزای شارەزوور، ژنێک لە جێگایەکی بەرزی کارگەکە لەکاتی کارکردندا دەکەوێتە خوارەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی قەزاکە گیانی لەدەستداوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 1.2.2026 رووداوەکە لە قەزای شارەزوور روویداوە، بە گوێرەی سۆراغی 964 ژنەکە لە کارگەیەکی ئاو کاری کردووە.
کەمال کاکە ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ بە 964ی وت، ژنێک بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان، کە لە یەکێک لەکارگەکانی قەزای شارەزوور لە کاتی کارکردن لە بەرزییەک کەوتبووە خوارەوە.
ئەو وتی، دەستبەجێ تیمەکانمان کاریان بۆ چارەسەری برینەکەی کردووە، هەروەک خوێن بەربوونی ناوەکی هەبووە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ژنەکە ناوی “ک.ر.ع” و تەمەنی 29 ساڵە، سۆراغی 964 لە نەخۆشخانە و کەسوکاری دەریخست، ژنەکە دووگیان بووە و منداڵی دیکەشی هەیە.
بەرپرسەکەی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور لەبارەی مانەوەی ژنەکە لە نەخۆشخانە وتی، دوای مانەوەی چەند خولەکێک لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی رەاوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی کرا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا