پارەی نێو قاسەی مزگەوتێکی کەرکوک دزرا
964+
کاروان ستار – کەرکوک
لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە کەرکوک، سندوقی هاوکاریی مزگەوتی ئیمام ئەحمەد بن حەنبەل شکێنرا و پارەکەی ناوی، کە 100 هەزار دینار بوو، دزرا.
یوسف سەلیم، کوڕی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیمام ئەحمەد بن حەنبەل، بە تۆڕی 964ی وت، کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دزێک دەچێتە نێو مزگەوتەکەوە و جامی ژووری پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە دەشکێنێت و ژمارەیەک کلیل دەبات، بۆ ئەوەی سندوقی کۆکردنەوەی هاوکاری نێو مزگەوتەکە بکاتەوە، بەڵام هیچ لە کلیلەکان بۆی نابێت، ناچار بە پلایس و دەرنەفیس دەیشکێنێت، کە لەگەڵ خۆی بردبووی.
هەموو پارەکانی ناو قسەکە دزراوە
بە وتەی کوڕی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە، لە ناو ئەو سندوقەی، کە دزەکە شکاندوویەتی 100 هەزار دینار هەبووە و هەمووی براوە.
سندوقێکی دیکەی هاوکاری لەنێو مزگەوتەکە هەبووە، بەڵام دزکە نەیتوانیوە بیکاتەوە و لە کاتی هەڵهاتندا دەرکەوتووە کە دەمانچەی پێبووە و پاشان بە ماتۆرسکیل شوێنەکەی جێهێشتووە.
ئەو سندوقەی دیکە کە ماوە لەنێو مزگەوتەکە لابراوە و هەڵگیراوە
ئێستا لە ترسی دزین، ئەو سندوقەی دیکە، کە لە ناو مزگەوتەکەدا ماوە، لابراوە و هەڵگیراوە”، یوسف سەلیم وای وت”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر