دەوام پەکیکەوت
دژی بڕینی دەرماڵەی بڕوانامە؛ لە کۆلێژی تەکنیکی کەرکوک مانگرتن راگەیەندرا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمڕۆ دووشەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکی کەرکوک دژی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بڕینی دەرماڵەی بڕوانامە، دەستیان بە مانگرتن کرد و دەرگای کۆلێژەکەیان بە رووی خوێندکاراندا داخست.
مانگرتنەکە لەسەرجەم زانکۆکانی عێراق دەستیپێکردووە و کۆلێژی تەکنیکی کەرکوکیش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕینی ئەو شایستە داراییانە، دەوامی فەرمیی خوێندکارانی راگرتووە و مامۆستایان جەخت دەکەنەوە کە تا بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە، ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
ئاشنا عەزیز، مامۆستا لە کۆلێژەکە بە 964ـی راگەیاند: “بەر لە هاتنی مووچە، نووسراوی بڕینی دەرماڵەی تایبەتی بڕوانامەمان بۆ هات. پرسیار ئەوەیە بۆ ناچن مووچەی ئەندامانی پەرلەمان ببڕن؟ ئەوان دوای دەستدرێژیکردن بۆ سەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئێستا دەستیان بۆ مووچەی ئێمەش درێژ کردووە.”
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی دوو رۆژە مانگرتنیان راگەیاندووە و پەنجەمۆری دەوامیشیان نەکردووە، دەشڵێت: “ئێمە ناگەڕێینەوە دەوام تا بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە، چونکە بژێوی ژیانمان کەوتووەتە مەترسییەوە.”
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا رێبوار محەمەد بە 964ـی وت: “دەستبردن بۆ قوتی مامۆستایان کارێکی نایاساییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی لەپشت نییە. ئێمە بەپێی یاسای ژمارە 28 هەوڵی گێڕانەوەی مافەکانمان دەدەین.”
هەروەها نیگەرانی خۆی نیشاندا کە داخستنی دەرگای کۆلێژەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ، کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندنی خوێندکاران دروست کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح