لە چەند گەڕەکێکی سەنتەری سلێمانی

لەداخی وەستانی ئۆتۆمبێل بەردەمی ماڵەكانیان بە دەبەی بەڕاد تەنیووە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئەمڕۆ هەینییە و پشووی كۆتایی هەفتەیە، خەڵكی بەرەو بازاڕ دەڕۆن، بەشێك لەو گەڕەكانەی دەكەونە نزیك بازاڕی سلێمانییەوە بەدەست وەستانی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵەكانیان هەراسان بوون.

پەیامنێری 964، قسەی لەگەڵ بەشێك لەو ماڵانەی گەڕەكی سلێمانی تازە كردووە و وەكو خۆیان دەڵێن، ژیانیان نەماوە بەهۆی وەستانی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ماڵەكانیان و ناچارن بەدەبە، قفڵ و زنجیر شوێنی پارككردنی ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان بگرن.

ئەو خاوەن ماڵانە دەڵێن، زۆرجار لەناو گەراجەكانمان قفڵیان كردووین، خەڵكی لەبەیانییەوە تاوەكو بانگی ئێوارە ئۆتۆمبێلیان بەجێهێشتووە و ژمارە مۆبایلیشیان دانەناوە، لایەنی پەیوەندیداریش هیچ دەستپێشخەرییەكی بۆ ئەو گرفتە نییە و حەقی غەرامەكردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەیە، ناكرێت لەبەر هەزار دیناری گەراج ئێمە گیرۆدەبین.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر