پارێزگای دهۆک كۆمەكی رۆژئاوای كوردستان دەكات
“کەرەستەی دەستی دوو وەرناگرین”
964+
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
پارێزگای دهۆک بڕیاری دا کۆمەک و هاوکاری بۆ رۆژئاوای كوردستان کۆبکەنەوە، هەڵمەتەكەشیان پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و كەلوپەلی نوێیش نەبێت وەریناگرت.
لە هەڵمەتەكەی پارێزگای دهۆکدا، لە سەنتەری شاردا حەوت مزگەوت و شوێن بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییەکان دەستنیشانکراون، تەواوی قەزاکانی سەر بە دهۆکیش ژمارەیەک شوێنی بۆ دەستنیشانكراوە، کە زۆربەیان مزگەوتن.
لە سەنتەری پارێزگاکە هەریەک لە مزگەوتەكانی شەهیدان، حەجی ئەحمەد، حەجی عەرەب، ئەمین، مەلا شوکری، سەباح ئەتروشی، هەروەها پارکی نەوروزی ناو بازاڕ لەخۆ دەگرێت، بۆ قەزاکانی تریش ژمارەیەک شوێن بە هەمان شێوەیە.
بیلال باشووری، بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای دهۆک بە 964 وت، تەواوی پارێزگای دهۆک هەڵمەتەکە لەخۆ دەگرێت، رۆژانی هەینییش هەموو مزگەوتەکان کۆمەکی مادی بۆ زیانلێکەتووان کۆدەکەنەوە و پێشکەش بەو ناوچانەی رۆژئاوا دەکرێت، کە خەڵکیان ئاوارەبوون و زیانیان بەرکەوتووە.
“بەپێ بڕیاری پارێزگار، کەرەستەی دەستی دوو وەرناگرن، ئەوەی نیازی خێر و چاکەی هەیە تەنیا کەرەستە نوێیەکان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی سوودێکی باش لەم کردەوە خێرخوازیە ببینڕێت”، بیلال باشووری وای وت.
هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری نزیكەی هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتووەتەوە و بە هەموو لایەك كار بۆ یارمەتیدانی كوردانی رۆژئاوا دەدەن، كە بەشێكی زۆریان بەهۆی هێرش و ستەمی هێزەكانی سوپای سوریای عەرەبی ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا
