خاوەن مۆلیدەکان بایکۆتیان کرد

چوار دینار خەریکە چەمچەماڵ تاریک دەکات

964+

هۆگر عەدنان

نرخی ئەمپێری کارەبا کێشەی خستە نێوان خاوەن مۆلیدەکان و ئیدارەی خۆجێی چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە خاوەن مۆلیدەکان بایکۆتیان کرد و مۆلیدەکانیان کوژراندەوە.

لە شەوی رابردووەوە خاوەن مۆلیدەکانی چەمچەماڵ، مۆلیدەکانیان کوژاندۆتەوە و داوا دەکەن حیسابێکی تایبەتیان بۆ بکرێت و بە ئاهی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە سلێمانی نەسووتێن.

بایکۆتی خاوەن مۆلیدەکان، چەمچەماڵییەکانی بێ کارەبا کردووە و ئەگەر کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکرێت ئەوا ئەمشەو لە تاریکیدا بەڕێ دەکەن.

کێشەکە ئەوەیە کە خاوەن مۆلیدەکان دەڵێن ناکرێت وەک خاوەن مۆلیدەکانی سلێمانی پارە وەربگرن، ئەوان دەڵێن سەعاتی زیاتر کارەبایان داوە لە مۆلیدەکانی سلێمانی.

لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، بڕی 57 دیناری دەستنیشانکردووە بۆ هەر سەعاتێکی کارەبای مۆلیدە، ئەمەش هەمان نرخی کارپێکردنی مۆلیدەکانی سلێمانییە.

خاوەن مۆلیدەکانی چەمچەماڵ داوای چوار دینار زیاتر لەوەی سلێمانی دەکەن

ئەوان دەڵێن کە بە نووسراوی قایمقامیەتی چەمچەماڵ دەبێت بۆ هەر سەعاتێکی کارکردنی مۆلیدەکانیان چوار دینار لە مۆلیدەکانی سلێمانی پارە زیاتر وەرگرن، دەشڵێن، ئەو پارەیە بۆ ئەوەیە کە شەو تا بەیانی کارەبای مۆلیدە دەدەن.

بیلال مەحمود، خاوەنی موەلیدەیە و بە 964ـی وت، لەشەوی رابردوەوە بایکۆتمان کردووە و لەئێستادا لەگەڵ نوێنەری ئاسایش لە کۆبونەوەداین داوا دەکەین بڕیارەکەی قایمقامی چەمچەماڵ جێبەجێ بکرێت.

زیاتر وتی “لە چەمچەماڵ لیتری گازوایل لەنێوان 950 بۆ 970 دینارە، بەڵام لە سلێمانی بە 830 دینارە، جگە لەمەش بە شەویش کارەبای مۆلیدە دەدەین، ئەو دووە هۆکارن لە نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە چەمچەماڵ گرانتر بێت”.

لەبەرامبەر داواکاری خاوەن مۆلیدەکانی چەمچەماڵ، ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوبەری کارەبای چەمچەماڵ بە پاساوی ئەوەی ئەندام نییە لە لیژنەی دەستنیشانکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە.

خاوەن موەلیدە ئەهلیەکان، داوا دەکەن ئەگەر پارەیان بۆ زیاد ناکەن، ئەوا کاتی داگیرساندنی مۆلیدەیان بۆ وەک سلێمانی لێ بکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق