ئاکۆ شارۆشی بۆ 964:
“بەرگری لە نیشتمان وەک حەج فەڕزە”
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ئاکۆ شارۆشی دەڵێت، بەرگری لە نیشتمان وەک حەج فەڕزە و پیویستە هەموومان ئەو ئەرکە نیشتمانییە بەجێ بگەیەنین.
لە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی پێشانگایەکی شێوەکاری بەبەشداری ژمارەیەک شێوەکار کرایەوە و تیایدا تابلۆکانیان نمایش کرد، ئاکۆ شارۆشیـش لەوێ بوو و بەدیار نەخشەیەکی کوردستانەوە داڵغەی رۆیشتبوو، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خاک لەگەڵ زماندا نەتەوە دروست دەکات، بیروباوەڕی نەتەوەییش کە بەشێکە لە بیروباوەڕە گشتییەکەمان، یەکێکە لە پێنج کۆڵەکەکەی کەسایەتی هەر مرۆڤێک لە جیهاندا، ئەو کەسەشی بیروباوەڕی نەتەوەیی نەبێت، مانای وایە بیروباوەڕە گشتییەکەی نوقسانە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشمەرگایەتی و بەرگری لە نیشتمان وەک حەج فەڕزە و هەرکەسیش ناتوانێت بچێتە سەنگەرەوە و پێشمەرگایەتی بکات دەبێ لەبری ئەوە پارە بدات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری