لە 450 هەزار دینار کەمتر نەبێت
ئەنجومەنی وەزیران موچەی کرێکارانی پاککەرەوەی لە هەرێم جێگیر کرد
فەرهاد حەسەن
لە هەرێمی کوردستان موچەی کرێکارانی پاککەرەوە دیاریکرا کە نابێت لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت و ماوەی کارکردنیشیان لە رۆژێکدا هەشت کاتژمێرە.
کاوە شێخ عەلی، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە کە دوێنێ 13.1.2026 بە واژۆی د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەن دەرچووە و بەناوی (موچەی کرێکارانی پاککەرەوە) ئاڕاستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە.
بەپێی نووسراوەکە، موچەی کرێکارانی پاککەرەوە لە هەرێمی کوردستان نابێت لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت لە گرێبەستی نێوان نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان و ماوەی کارکردنیشیان لە رۆژێکدا هەشت کاتژمێر دەبێت.
ئەم پەرلەمانتارە دەڵێت، گرنگە لە کاتی ئامادەکردنی تەندەر، رەچاوی کرێکار بکرێت بە تایبەت کرێکارانی پاککەرەوە لە شارەوانی و شارەوانییەکان و تەندروستی کە موچەی مانگانەیان بەشێوەی ئەم نووسراوە جێگیر بکرێت، دواتر کە گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی یاخود بەشی یاسا دەکرێت، گرفت بۆ کرێکارانی پاککەرەوە بۆ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار دروست نەبێت.