چۆمان - حاجی ئۆمەران
ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەكسڵ و زنجیرت نییە خۆتان لەو رێگایە مەدەن
ئاكام غەفوور
بەفربارینی بەردەوام، ئاستەنگی هاتوچۆی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست كردووە، بۆیە رێنمایی هاوڵاتیان دەكرێت خۆیان لەو رێگەیە نەدەن، ئەگەر ئۆتۆمبێلەكانیان دەبڵ ئەكسڵ نییە و زنجیریان لە تایە نەبەستاوە.
خوسرەو سادق بەڕێوەبەری پاراستن و چاككردنی رێگاوبانی سۆران، ئەمڕۆ چوارشەممە 14.1.2026 بە 964ی راگەیاند، بەفرێكی زۆر باریوە و تیمەكانیشیان لە چەند ناوچە و رێگەیەك خەریكی پاككردنەوەن.
وتیشی، هاتوچۆی رێگای چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران ئاساییە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەبڵ ئەكسڵ نین و زنجیریان لە تایە نەبەستاوە، با خۆیان لەو رێگەیە نەدەن و بە دووردەبن لە مەترسی.
وتیشی، رێگەی زینی وەرتێ بە ئەگەری زۆر داخراوە، چونكە یەك ئامێرمان لەو رێگەدا هەیە و بەفریش بەردەوام دەبارێت و پێڕاناگات.
خوسرەت سادق داوای لە شۆفێران و هاوڵاتیان كرد، “رێنماییەكانی ئێمە و پۆلیسی هاتوچۆ جێبەجێ بكەن”.
هەر بەهۆی بەفربارین و سەرمای زۆرەوە ئەمڕۆ لە چۆمان و حاجی ئۆمەران پشووی فەرمییە و دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش راگەیاندراوی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان و ئێرانیش هەیە، كە ئەگەر زۆر ناچار نەبوون روو لە دەروازەكە نەكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا