تەمەنیان لەنێوان 7-10 ساڵیدایە
پەروەردە لێکۆڵینەوە دەکات؛ خوشک و برایەک بە رووداوى هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا
964+
ئاکام غەفور- سۆران
دواى ئەوەى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە گوندى سەرنەوس لە سنوورى شارەدێى وەرتێ ئۆتۆمبێلێک خوشک و برایەکى تەمەن 7 و11 ساڵانى شێلا و هەردوکیان گیانیان لەدەستدا، پەروەردەى سۆران لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکدەهێنێت.
رووداوەکە بەم شێوەیە بووە:
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە 964ـی وت، “لە گوندی سەرنەوس ئۆتۆمبێلێک لە دوو قوتابی داوە و بەسەختی برینداربوون و بەپەلە رەوانەی فریاکەوتنی سۆران کراون”.
لەوبارەیەشەوە د. بەرەڤان سەباح بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سۆران بە 964ـی وت، “هەردوو قوتابییەکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابییەکان خوشک و برایەکن، یەکێکیان پۆلی یەکی سەرەتایی و ئەوەی دیکەشیان پۆلی پێنجی سەرەتاییە و تەمەنیان لە نێوان حەوت بۆ 10 ساڵدایە.
د. بەرەڤان سەباح وتیشی، ئەو خوشک و برایە لەکاتی چوونیان بۆ قوتابخانە و هەر لە گوندەکەی خۆیان تووشی ئەو رووداوە بوون.
ئاکارا ئالیشا کیۆ، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سۆران، بە 964ـى وت،”رووداوەکە بە شێوەیەک بووە کە مێردمنداڵێک ئۆتۆمبێلى باوکى وەرگرتووە و ئەو دوو قوتابیەى شێلاوە”.
دەشڵێت: هەرچەندە رووداوەکە لە دەرەوەى پەروەردە و قوتابخانە روویداوە، بەڵام لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح