كه‌مپەینى خێزانە هەژارەكانی قه‌ڵادزێ كۆتایی هات

964+

فەرهاد حەسەن

دواى سێ رۆژ، كه‌مپەینه‌كه‌ى قه‌ڵادزێ، كه‌ بۆ هاوكارى خێزانه‌ كەمدەرامەتەکان  رێكخرابوون، كۆتایی هات و 964 یش ده‌زانێت، كه‌مپەینه‌كه‌ توانی زیاتر له‌ سێ ملیۆن دینار و هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل و خۆراك بۆ ئه‌و خێزانانه‌ كۆبكاته‌وه‌.

رۆژی 4.3.2023، چەند كەسایەتییەكی قەڵادزێ كەمپەینێكیان راگەیاند، بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتی بۆ خێزانە كەمدەرامەتەکانى سنووره‌كه‌یان كۆبكەنەوە، ئەندامێكی ئەو كەمپەینە پێشتر به‌ 964 ـى وتبوو، كه‌مپەینه‌كه‌یان ماوه‌ى سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7.3.2023 كۆتایی به‌و كه‌مپەینه‌ هاتووه‌ و ئه‌نجامى سێ رۆژى ئه‌و كه‌مپینه‌ش راگه‌یه‌نراوه‌.

بڕی پاره‌ى كۆكراوه‌ له‌و كه‌مپینه‌، بریتیه‌ له‌ سێ ملیۆن و 212 هه‌زار دینار، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كه‌لوپه‌ل و خۆراك، 772 خێزانى كه‌مده‌رامه‌تیش ناویان له ‌لیستى ئه‌و كه‌مپەینه‌دا تۆماركردووه‌.

پشدەر قەڵادزێی، ئەندامی دەستەی باڵای ئەو كەمپەینە بە تۆڕی 964ی وت، به‌نیازن ئه‌و بڕه‌ پاره‌ كۆكراوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كان دابه‌شی سه‌ر ئه‌و خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌تانه‌ بكه‌ن، كه‌ زۆر پێویستیانە، وتیشی، “بڕی پاره‌ى كۆكراوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ژماره‌ى خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، زۆر كه‌مه‌، بۆیه‌ خێزانه‌ زۆر پێویسته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین”.